Address: University of Sulaimani - Old Campus

Call us:: (+964) 53 3270926

Write to us:: [email protected]

‎پەیامی دەستخۆشی ئەنجومەنی  کۆلێجی پەروەردە

وێڕای سوپاس و دەستخۆشی ، ئەنجومەنی  کۆلێجی پەروەردەی زانکۆی سلێمانی ،  ستایشی ھەڵوێستی لە خۆ بوردوانەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێج دەکات. لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە سەرەڕای ئەوەی بە گشتی دەوام ڕاگیراوە لە دام و دەزگاکاندا بەھۆی دواکەوتنی مووچە و ئەو  قەیرانە ئابوورییە ناڕەوایەی ڕووی ھاوڵاتیانی گرتۆتەوە،  بەڵام دەوامی کۆلێجی پەروەردەی زانکۆی سلێمانی بەردەوام بووە ئەگەر چی دوای ماوەی نزیکی دوو مانگ ئینجا خشتەی  وەرگرتنی مووچە لە میدیاکان بڵاو کرایەوە .  ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لە خۆبووردەیی و خۆڕاگری فەرمانبەران و مامۆستایان ، کە تەنھا ھەڵقووڵاوی کانگای خۆشەویستیانە بۆ کۆلێجەکەیان بێ گوێدانە ھیچ ئایدۆلۆجیایەکی کەسی و حزبی. وە ھەروەھا جێی خۆیەتی ئاماژە بدرێت بە ھەڵوێستی خوێندکاران کە تەنانەت دوای داخستنی بەشەناوخۆییەکانیش ھەوڵی پێداگری و مانەوەیان دەدا بۆ بەردەوام بوون لە پڕۆسەی خوێندنیان ئەمەش نیشانەی ئاست بەرزی و  تێگەشتووییانە لە مەترسیەکانی کاریگەری وەستاندنی خوێندن بۆ سەر ئاستی زانستیان. ئەگەر چی ئەمانیش وەک چینی گەنجان زەرەرمەندن لەو دۆخە نالەبارەی کە ھەرێمەکەمان پێوەی دەناڵێت .

ئەمە لە کاتێکدایە کە تائێستا خوێندنی (خوێندنی باڵا : دبلۆمی باڵا – ماستەر – دکتۆرا ) بەردەوامە وەلە ھەمان کاتدا پڕۆسەی ڕاھێنانی خوێندکارانی قۆناغی چوارەمیش بەردەوامە  لەو خوێندنگایانەی سنوری شاری سلێمانی کە بایکۆتیان نەکردوە ، بۆ ئەو خوێندکارانەی کە ماڵیان لە ناو شارە یان کێشەی مانەوەی خۆیان چارەسەر کردوە،   کەلە لایەن مامۆستایانی کۆلێجەوە ڕۆژانە ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت .

‎ھەروەھا بەڕێز ڕاگری کۆلێج (پ.ی.د ھەناو حسن محمد خان ) ، سوپاس و پێزانینی  خۆی ئاڕاستەی سەرجەم خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمامبەرانی کۆلێج دەکات و ھیوای ھەمیشە سەربەرزی و سەرفرازیان بۆ دەخوازێت ، وە لەم میمبەرەوە بە سەرۆکایەتی زانکۆی ڕادەگەیەنێت کە فەرمامبەران و مامۆستایانی کۆلێجی پەروەردە شایەنی باشترین خەڵات و نازناوی مامۆستا و فەرمامبەرانی نمونەیی زانکۆی دایکن  ، وە خوێندکارانیشمان شایەنی پشتیوانی و گرنگی  پێدانی زیاترن .

‎لە کۆتاییدا بەھیواین بۆ گەڕانەوەی بارودۆخی  ئاسایی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ زانکۆ و کۆلێجمان .