Address: University of Sulaimani - Old Campus

Call us:: (+964) 53 3270926

Write to us:: [email protected]

پەیامی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بۆ یادی (۳٦) ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە

لەیادی (۳٦) ساڵەی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە، سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند: كارەساتی هەڵەبجە زامێكی قوڵەو تائێساش لەجەستەی هەموو كوردێكی بەشەرەفدایە.
دەقی پەیامەكە:
ئەمڕۆ ۳٦ ساڵ بەسەر یادی كارەساتی كیمیبارانكردنی شاری هەڵەبجەی خۆشەویست تێدەپەڕێت، كە ساڵی ۱۹٨٨ ڕژێمی دیكتاتۆری بەعسی ڕووخاو، بێگوێدانە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و بەها ئاینی‌ و ئەخلاقی‌ و یاسا نێودەوڵەتییەكان، بەچەكی قەدەغەكراو بۆردومانی شارەكەی كردو بەهۆیەوە زیاتر لەپێنج هەزار هاونیشتمانی بێتاوان شەهیدبوون‌ و هەزارانی دیكەش برینداربوون، سەرباری وێرانبوونی شارەكەو دەربەدەربوونی خەڵكەكەی.
لەم یادەدا، بەناوی سەرۆكایەتی‌ و ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانییەوە، سڵاو بۆ ڕۆحی بەرزەفڕی شەهیدانی هەڵەبجە دەنێرین، سەری ڕێزو وەفاداری لەئاست سەرجەم شەهیدانی شارەكەدا دادەنەوێنین‌ و سڵاوی خۆڕاگری بۆ برینداران‌ و بەركەوتووانی كیمیایی دەنێرین.
كارەساتی هەڵەبجە زامێكی قوڵەو تائێساش لەجەستەی هەموو كوردێكی بەشەرەفدایەو سارێژ نەبووەو نابێت، هەڵەبجەی سیمبولی شەهیدان‌ و مەڵبەندی كوردایەتی‌‌ و كەلتوور‌ و ئەدەب‌‌ و زانست، وەك هەمیشە یادگەی وەبیرهێنانەوەی مەزڵومیەتی گەلەكەمانە، كۆشش‌ و خەباتمان بەردەوام دەبێت، بۆ بەرەو پێشبردن‌ و ئاوەدانكردنەوەی زیاتری ئەو شارە خۆشەویستە، كە شایستەی ئەمەكداری خەڵكەكەی‌ و دانیشتووانە سەربەرز و ستەمدیدەكەی بێت.
سەروەری بۆ شەهیدانی كوردستان،
سەرشۆڕی بۆ دوژمنانی گەلەكەمان.

سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی