Address: University of Sulaimani - Old Campus

Call us:: (+964) 53 3270926

Write to us:: [email protected]

ڕاگری کۆلێژ و نوێنەری کۆلێژ بۆ متمانەبەخشین بەشداری ۆرکشۆپێکیان کرد

بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆسەی متمانەبەخشین، ۆركشۆپێك لە زانكۆی سلێمانی ئەنجامدراو بڕیاردرا هەفتانە كار بۆ هەڵسەنگاندنی پێوەرەكانی جێبەجێكردنی پڕۆسەكە بكرێت.
ڕۆژی ٢٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی بەرێز ڕاگری کۆلێژی پەروەردە (پ.ی.د.هەناو حسن محمد خان) و (پ.ی.د.زانا مەحمود) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی‌ و خوێندنی باڵا و ژمارەیەك لە ڕاگران‌ و مامۆستایان و نوێنەری کۆلێژی پەروەردە (د. لانە محمد علی) ، ۆركشۆپێك دەربارەی جێبەجێكردنی پڕۆسەی متمانەبەخشین، لە هۆڵی كۆنگرێسی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.
(د.هونەر عیسا) سكرتێری گشتی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان  ڕاگەیاند: بۆئەوەی پڕۆسەی متمانەبەخشین جێبەجێبكرێت، پێویستە زانكۆكان بە هەرسێ قۆناغی (شایستەبوون، كاندیدبوون‌ و متمانە)دا تێپەڕببن”.
ڕوونیشیكردەوە، بۆئەوەی زانكۆكان شایستە بن، پێویستە (٢١) پێوەر جێبەجێبكەن، كە بەسەر ئەركی زانكۆ، پلان،حكومڕانی باش، خزمەتگوزاری خوێندكاران، بابەتی پڕۆگرامەكانی خوێندن‌ و شەفافیەتدا دابەشدەبێت.
وتیشی: “ئامانجی ۆركشۆپەكە ئەوەیە، کە زانكۆكان ئاگاداری پڕۆسەكە بن و هەڵسەنگاندن بكەن، تا بزانرێت تا چ ڕادەیەك دەتوانن ئەم پێوەرانە جێبەجێبكەن، هەروەك بەرپرسیارێتی دیاربێت، کە كێ دەبێت ئەم پێوەرانە جێبەجێبكات‌ و دانانی تاكتیك‌ و ئەنجامدانی چالاكی، هاوكات دیاریكردنی سەرچاوەی مرۆیی‌ و فیزیكی‌ و دارایی بۆئەوەی پێوەرەكان جێبەجێبكرێن”.
لە كۆتایی ۆركشۆپەكەدا لەلایەن ئامادەبووانەوە هەڵسەنگاندن كراو بڕیاردرا، هەفتانە كاربکەن لەسەر داڕشتەی كۆتایی هەڵسەنگاندنی ئەم پێوەرانە‌ و دەستنیشانكردنی سەرچاوەی پێویست بۆ زانینی پلانێكی ١٤ مانگی، كە تایم لاینە بۆ جێبەجێكردنی پێوەرەكان.