زانکۆی سلێمانی لە (ڕیزبەندیی زانکۆکانی جیهان – (WUR) World University Rankings)دا، کە لەلایەندامەزراوەی (تایمز – Times Higher Education)ی بەریتانییەوە ئەنجام دەدرێت، پلەی یەکەم لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەست دەهێنێت.
لە سەرتاسەری عێراقدا، تەنها ٢١ زانکۆ، بەهۆی ئەوەی گشت مەرجەکانی دامەزراوەی تایمز-یان تێدایە، ڕیزبەندییان بۆ کراوە. زانکۆ بەشداربووەکانی تر، کە ژمارەیان (٥٨) زانکۆیە، نەیانتوانیوە بچنە ڕیزبەندییەکەوە و تەنها بە “Reporter” ناسێندراون؛ واتە مەرج و داواکارییەکانی دامەزراوەی ناوبراویان تێدا نییە.
دامەزراوەی تایمزی بەریتانی، شانبەشانی دامەزراوەی شانگەهای و دامەزراوەی کواکەرێلی سیمۆندس، یەکێکە لە سێ سەرەکیترین ئەو دامەزراوانەی لە سەر ئاستی جیهان چەندین ڕیزبەندیی جیاجیا بۆ زانکۆکان دەکات؛گرنگترینیشیان، “ڕیزبەندیی زانکۆکانی جیهان”ە، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین و گشتگیرترین ڕیزبەندییەکان و لە هەڵسەنگاندنی زانکۆکاندا پشت بەم پێوەرانەی خوارەوە دەبەستێت.
هەرچەندە یەکەم جارە زانکۆی سلێمانی لەم ڕانکینەدا بەشداری دەکات، توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت وببێتە پێشەنگی گشت زانکۆکان لە سەرتاسەری عێراقدا. ئەم سەرکەوتنە مەزنەی زانکۆی سلێمانی شانازییەکی گەورەیە بۆ سەرجەم مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکە و شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان.
بەناوی ڕاگرایەتی کۆلەجی پەروەردەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایان توێژەرانی زانکۆی سلێمانی بە گشتی و مامۆستایان و توێژەرانی کۆلێجەکەمان بەتایبەتی دەکەین کە رۆڵی کاریگەریان هەبووە لەم سەرکەوتنە مێژووییەدا.
بۆ بینینی ئەنجامەکان و زانیاریی زیاتر، کرتە لێرە بکە.