Address: University of Sulaimani - Old Campus

Call us:: (+964) 53 3270926

Write to us:: [email protected]

داشکاندن لە کرێی خوێندن بۆ ساڵی (٢٠٢٤-٢٠٢٥)

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا؛ بۆ ساڵى نوێى خوێندن داشکاندن لە کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران بەردەوام دەبێت

بەسەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە زانکۆى سۆران چەند بڕیارێکى گرنگى دەرکرد

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆکانى کوردستانى راسپارد ئامادەکارى بکەن بۆ ئەوەى هاوشێوەى ساڵانى رابردوو زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی لە خوێندنى حکومى برەخسێنن، هەروەها بەهان ڕێژەى ساڵانى ڕابردو داشکاندن لە کرێى خوێندنى پارللیل و ئیواران ئەنجام بدەن، ئەویش لە پێناو پشتیوانیکردنى خوێندکاران و قوتابیان و خانەوادەکانیان بۆ ئەوەى پرسى دارایی نەبێتە ڕێگر لە بەردەم خەونەکانیان، هەروەها بەراسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا سەرجەم زانکۆکان هیچ برە پارەیەک لە برى پێدانى بەشى ناوخۆیی بە خوێندکارانى خوێندنى باڵا وەرنەگرن

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (2024/7/9) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و سەرۆک زانکۆکان، کۆبونەوەى ئاسایی ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە زانکۆى سۆران بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکدا د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە زانکۆى سۆران و ستافى زانکۆ کرد بۆ میوانداریکردنى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، بۆ ئەمەش وتى؛ بەبۆنەى کۆتاى هاتنى ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) دەستخۆشى و سوپاسى سەرجەم زانکۆکانى کوردستانى کردو ئاماژەى بە ئامادەکارییەکان کرد بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥) و دەرفەت و ئاڵنگارییەکان، بەتایبەت پێشوازى کردن لە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی و رەخساندنى دەرفەتى خوێندنى گشتى و یەکسان و دادپەروەر بۆ هەموان.

هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە، لە ساڵانى ڕابردو بەهاوکارى ئێوەو ستافى زانکۆکان توانیمان سەرکەوتنى گەورە لە پرۆسەى وەرگرتن بەدەستبهێنن، بۆ ساڵى نوێش هەموو تواناى وەزارەت و زانکۆکان دەخەینە گەڕ بۆ رەخساندنى زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی و دانانى میکانیزم و پلان بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک هاوتەریب بێت بۆ سودى دەرچوان و پێداویستیەکانى بازاڕى کار. بۆ ئەمەش داواى لە زانکۆکان کرد لە پلانى وەرگرتندا هەموو تواناکانى خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەى ئەمساڵیش زۆرترین دەرفەتى خوێندن لە ناوخۆ بڕەخسێنن.

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆکانى راسپارد ئەوانەى تاکو ئێستا پلانى خوێندنى باڵایان ئامادە نەکردوەو بۆ وەزارەت نەیانناردوە، پێویستە بە زوترین کات پلانەکانیان بۆ کردنەوەى ڕاوندى نوێى خوێندنى باڵاو خوێندنى سپلیت سایت بۆ وەزارەت بەرزبکەنەوە، بەمەبەستى تەواوکردنى ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەى ڕاوندێکى نوێى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

لە تەوەرێکى دیکەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێنمایی گۆڤارە زانستییەکانى زانکۆکانى کوردستانى بە وەرگرتنى چەند تێبینییەک پەسەندکرد، ئامانج لەم ڕێنماییە بۆ زیاتر ڕێکخستنى مەرجەکانى پێدانى مۆڵەتە بە گۆڤارى زانکۆکان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى گۆڤارەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە بگونجێت لەگەڵ پێوەرو ستانداردەکانى گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان.

هەر لە کۆبونەوەکەدا لەسەر راسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا سەرجەم زانکۆکان هیچ برە پارەیەک لە برى پێدانى بەشى ناوخۆیی بە قوتابیان/ خوێندکارانى خوێندنى باڵا (دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا) وەرنەگرن.

لە بەشى کۆتای کۆبونەوەکەى ئەنجومەنى وەزارەت، چەند تەوەرێکى دیکەى زانستى تایبەت بە کاروبارى زانکۆکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراو بریارى پێویستیان لێدرا.